هونەرمەند و شێوەکارێكی جیهانی و ناوداری کوردستان، لە تەمەنی 71 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 3/6/2025، قەرەنی جەمیل، هونەرمەند و شێوەکاری جیهانی و ناوداری کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە، كۆچی دوایی كرد.
هونەرمەندی شێوەکاری کورد قەرەنی جەمیل حەسەن لە ساڵی ١٩٥٤ لە هەولێر لەدایك بووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواوكردووە.
لە ساڵی ١٩٧٦ - ١٩٧٧ پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشی شێوەکاری لە بەغدا تەواوكردووە. پاش تەواوکردنی پەیمانگا لە ساڵی ١٩٧٧ – ١٩٧٨ دەبێتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندی (ڕوستێ)، بەڵام پاش چۆلكردنی ئەم گوندە لەلایەن حكومەتی بەعسەوە، لە ساڵی ١٩٧٨ - ١٩٧٩ دەگوازرێتەوە قوتابخانەی سەرەتایی گوندی (ناوڕۆیین) لە شارۆچکەی دیانا.
قەرەنی جەمیل لە ساڵی ١٩٧٩ کوردستان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە ئیتالیا، تا ساڵی ١٩٨٤ لە ئیتالیا دەمێنێتەوە و لەوێش هەر درێژە بە کاری هونەریی شێوەكاری داوە و بە کارە هونەرییەکانی ژیاوە. لە ساڵی ١٩٨٤ لە ئیتالیاوە بەرەو ئیسپانیا ڕۆیشتووە، تاكوو ساڵی ٢٠٠٣ هەر لەوێ كاری هونەریی كردووە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە، لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕاوەتەوە كوردستان و بووە بە سەرنووسەری گۆڤاری شێوەكاری، هەروا لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێریش لە بەشی شێوەكاری دەبێتە مامۆستا.
قەرەنی جەمیل سەر بە هیچ ڕێبازێکی دیاریکراوی هونەری نییە و بە گوتەی خۆی تابلۆکانی زادەی زەین و خەیاڵییەتی، ئەوەی دەگاتە خەیاڵی بە فڵچە و بۆیە دەیانکاتە تابلۆیەکی هونەری، زۆر لە قوتابی و فێرخوازەکانی ئەمڕۆ بوونەتە هونەرمەندی باشی بواری هونەری وێنەکێشان، ئیلهام لە کارەکانی وەردەگرن و دەیانەوێ درێژە بەو جۆرە کارە بدەن.
پێشانگا تایبەتییەكان
١٩٧٦ لە بەغدا هۆڵی كۆمەڵەی ڕۆشنبیری كوردی لەگەڵ هونەرمەند جەمال ئیبراهیم.
١٩٧٧ لە هەولێر هۆڵی قوتابخانەی میدیا.
١٩٨٤ لە بەرشەلۆنە/ ئیسپانیا هۆڵی Prat de lujanes
١٩٨٧ لە گرانادە/ ئیسپانیا هۆڵی Caja rural
١٩٨٩ لە گرانادە/ ئیسپانیا قاوەخانەی Volter
١٩٩٠ لە ڤالێنسیا/ ئیسپانیا هۆڵی Alhanas
٢٠٠٧ لە هەولێر هۆڵی میدیا.
٢٠٠٨ لە سلێمانی گەلەری سەردەم.
٢٠١٣ هۆڵی میدیا، هەولێر.
٢٠١٨ هۆڵی میدیا، هەولێر.
٢٠١٩ پێشانگای ستیل لایڤ لە هۆڵی میدیا.
٢٠٢١ گەلەری ئێستا لە سلێمانی.
پیشانگا هاوبەشییەكان
لە ساڵی ١٩٧٢وە تا ئێستا لە عێراق، ئیتالیا، ئیسپانیا، ئینگلتەرا، هۆڵەندا، بەلجیكا، دانیمارك، نەمسا، پۆڵۆنیا، بەشداری كۆمەڵێك پێشانگای هاوبەشی كردووە.