لە پاڵنگانەوە بۆ هەموو کوردستان.. فێستیڤاڵی هەزار دەف، نماییشی هەرەجوانی كولتووری كوردەواری

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

لە پاڵنگانەوە بۆ هەموو کوردستان.. فێستیڤاڵی هەزار دەف، نماییشی هەرەجوانی كولتووری كوردەواری

فێستیڤاڵە کولتووری و هونەرییەکان، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ناسنامەی گەل و نەتەوە و كۆمەڵگەكانن و ئامرازێکی کاریگەرن بۆ پاراستنی میراتیان، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە پشت بە هونەر و مۆسیقا و دەربڕینی بەکۆمەڵ دەبەستن.

 لەم چوارچێوەیەدا، فێستیڤاڵی هەزار دەف کە ساڵانە لە گوندی پاڵنگان سەر بە ناوچەی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت، زیاتر لە ئاهەنگێکی مۆسیقییە و فێستیڤاڵێکی دەوڵەمەندە بە مانای کولتوورەوە، گوزارشت لە تێکەڵبوونی هونەر و بیروباوەڕی كۆن و ئێستا دەکات. لە ڕێگەی ئەو ڕیتمە یەکگرتووانەی کە لەلایەن دەفژەنانەوە لەسەر دەف دەژەنرێن، جۆرێک لە هارمۆنیی بەکۆمەڵ بەرجەستە دەبێت.

لەم ڕاپۆرتەدا کە بۆ (باسکورد) ئامادە کراوە، هەوڵمان داوه لە ڕێگەی کامێرای ناسح عەلی خەیاتەوە رۆشنایی بخەینە سەر پاڵنەرە بنەڕەتییەکانی پشت دامەزراندن و درێژەدان بە فێستیڤاڵی هەزار دەف لە گوندی پاڵنگانی رۆژهەلاتی كوردستان.

ناسح عەلی خەیات بە (باسکورد)ی گوت: "زۆر خۆشحاڵم کە کامێرای منتان هەڵبژاردووە بۆ رۆشنایی خستنە لەسەر پاڵنەرە بنەڕەتییەکانی پشت دامەزراندن و درێژەدان بە فێستیڤاڵی هەزار دەف لە گوندی پاڵنگان، بەدڵنیاییەوە منیش چیرۆکی ئەم فێستیڤاڵە کە لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا دۆکۆمێنتم کردووە، بەخۆشحاڵییەوە بۆ ئاژانسەکانتان دەگێڕمەوە.”

گوتیشی: ”گوندی پاڵنگان یەکێکە لە گوندەکانی هەورامانی ژاوەڕۆ کە هەڵکەوتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لەم گوندە جوانەدا لە 20ی 4ی بەهاری ساڵی 2020 بۆ یەکەمین جار فێستیڤاڵێکی کولتووری بەناوی (هەزار دەف) بەڕێوە دەچێت و هەزار دەفژەن تیایدا بەشدار دەبن و بەکۆمەڵ دەف دەژەنن، ئەم فێستیڤاڵە سەرنجی هەموان ڕادەکێشت، بۆیە لەلایان بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پاڵنگان ناوی هەزار دەف لەسەر بنەمای هەزار دەفژەنی فێستیڤاڵی یەکەم بۆی هەڵدەبژێردرێت و ماوەی پێنج ساڵە لە هەمان شوێن و کات و رێکەوتدا فێستیڤاڵەکە دووبارە دەکرێتەوە."

ناسح عەلی خەیات گوتیشی: "بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پاڵنگان، هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەرجەم دەفژەنانی خاوەن گرووپ و دەفژەنە تاکەکان دەنێردرێت، هەروەها بانگهێشتنامە لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکەنەوە و لە ڕێگەیدا هەموان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە ئاگادار دەکرێنەوە، بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە، دەفژەنانی بەشداربوو لەم فێستیڤاڵەدا دەبێ زانیارییان هەبێت لەسەر هونەری ژەنینی دەف و ڕێگەی بەشداریکردنیان پێدەدرێت، بەو مەرجەی کە دەبێت هەموان جلی کوردییان لەبەردا بێت، هەروەها دەفژەنینیان بە شێوەی کوردەواری بێت.“

روونیشی كردەوە: ”چەند ڕۆژێک پێش فێستیڤاڵەکە، گۆرانیبێژانی کورد بۆ ئەم مەراسیمە بانگهێشت دەکرێن، بە مەبەستی پێشکەشکردنی گۆرانی بۆ ڕازانەوەی کەشی فێستیڤاڵەکە، گۆرانیبێژەکانیش جگە لە گۆرانیی هەڵپەڕکێ، دەبێ بەشێک لە گۆرانییەکانیان (نیشتمانی، ئایینی و عیرفانی) بێت، دواتر گۆرانیبێژەکان چەند گۆرانییەکی خۆیان هەڵدەبژێرن و بۆ بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پاڵنگان پێشنیاریان دەکەن و دوای قبووڵکردنی گۆرانییەکان، ڕۆژێک پێش سازکردنی فێستیڤاڵەکە ڕیتمی گۆرانییەکان بەسەر هەموو دەفژەنەکان دابەش دەکرێن، بۆ ئەوەی شێوازی دەفژەنینیان لەگەڵ ڕیتمی گۆرانییەکاندا بگونجێنن، دواتر گرووپە دەفژەنەکان دیاری دەکرێن و تاکەکانیش بەسەر گرووپەکاندا دابەش دەکرێن، هەر لەهەمان کاتدا هەر گرووپێک شێواز و رەنگێکی تایبەت لە جلوبەرگی کوردی هەڵدەبژێرێت، بە ئامانجی تیشک خستنە سەر هەمەجۆریی کولتووری مۆدەی جلی کوردی لە ڕووی ڕەنگ و دیزاینەوە و خۆیان بۆ ڕۆژی فێستیڤاڵەکە ئامادە دەکەن."

گوندی پاڵنگان گوندێکی ‌شاخاوییە کە بە جوانییە سیحراوییەکەی ناسراوە، ڕووباری سیروانیش لەوێدا تێدەپەرێت و ڕێگای خۆی بەناو گوندەکەدا کردووتەوە و گوندەکەی بە دوو بەش دابەش کردووە، ئەم دابەشکردنەش دیمەنێکی جوان و سروشتیی بە گوندەکە بەخشیوە، خانووە بەردییەکان لەسەر بناری شاخەکە بە شێوازێکی تەلارسازیی پلیکانەی بڵاو بوونەتەوە، بەو شێوازەی کە بنمیچی خانوویەک بووە بە حەوشەیەک بۆ خانووی سەرەوەی و هاوئاهەنگییەکی ناوازەی لەنێوان تەلارسازی و سروشتدا دروست کردووە، سروشتی سەوزیش گوندەکەی داپۆشیوە و پاڵنگانی نموونەیی بۆ سازکردنی فێستیڤاڵی هەزار دەف کردووە.

ناسح عەلی خەیات ئاماژەی بەوهش کرد: " فێستیڤاڵی یەک ڕۆژەی هەزار دەف لە 20ی 4ی هەموو ساڵێک کاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی لە گوندی پاڵنگان دەست پێدەکات، سەرجەم دەفژەنەکانیش بە شێوازی گرووپەوە لە هەردوو ڕەگەز و لە سەرجەم تەمەنەکاندا، بەسەر میچی خانووەکانی بەشی یەکەمی ئاوی سیروان دابەش دەبن، هەر گرووپێکیش ئەو دەستە جلە کوردییە یەک ڕەنگ و یەک شێوازە لەبەردەکەن کە پێشتر هەڵیانبژاردووە و هەر گرووپێک لەسەر میچی یەک خانوودا رادەوەستن، ئەمەش وا دەکات کە دەفژەنەکان دیار بن کە سەر بە چ گرووپێکن و هەروەها بۆ جوانتر نماییشکردنی جۆرە جیاوازەکانی جلی کوردی و دروستکردنی تابلۆیەکی هونەریی زیندووی تێکەڵ لەنێوان جلی کوردیی ڕەنگاوڕەنگ و دەف و سروشتی شاخاوی گوندەکە.

بەشی دووەمی ئاوەکەش تایبەت دەبێت بۆ گەشتیاران و بینەران و فۆتۆگرافەران، ئەم دابەشبوونەش وا دەکات کە دەفژەنان دیار بن و لەنێو خەڵکدا ون نەبن، دەفژەنانیش هاوکات لەگەڵ گۆرانییەکانی هەڵپەڕکێ، نیشتمانی، ئایینی و عیرفانییەکان، بە هەمان ڕیتمەوە دەف دەژەنن، دەنگی دەف هەموو گوندەکە پڕ دەکات و ئەم شێوازەش هەتا کاتژمێر 5ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، لەو نێوانەشدا خانمانی هەمان گوند و گوندەکانی دەوروبەر و مەریوان و سنەش کارە دەستییەکانیان نماییش دەکەن و بە گەشتیارانیان دەفرۆشن."

ناسح عەلی خەیات بەم شێوازە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کە ژمارەیان لەنێوان 25 بۆ 30 هەزار گەشتیار دەبێت لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبن، ئامانجی ئەم فێستیڤاڵەش پیشاندانی توانای هونەرمەندانی کوردە لە ڕووی ژەنینی دەف و گۆرانییەوە، هەروەها پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی گەنجان فێری ژەنینی دەف بن و لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ هەورامان بەگشتی و گوندی پاڵنگان بەتایبەت و سوودێکی ئابووریی زۆریشی بۆ گوندەكە و دەوروبەری دەبێت و پیشاندەری کولتووری کوردە بە خەڵکی ناوخۆ و بیانییەوە و ئالوگۆڕی کولتووریی هەموو نەتەوە جیاوازەکانی جیهانە."