هۆرە کۆنترین چریکەی کوردە کە تائێستاش لە کرماشان و ئیلام و لوڕستان وەکوو خۆی ماوە. یەکێک لە ناسراوترین هۆرەچڕەکان کە تەنیا چەندخولەکێک لە دەنگی تۆمارکراوی ماوە، (دەردمەند نەزەر)، ناسراو بە (عەلی نەزەر)ە.
ئەم هونەرمەندە ساڵی ١٩٢٠ی هەتاوی لە گوندی تووەسوورەی سەربە شاری شاباد (ئیسلام ئاوا)ی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوو. لە تەمەنی سێزدە ساڵان هەموو ماڵباتی لەدەست دەدا و هەتیو و تەنیا دەکەوێ. خاڵی دەیباتە لای خۆی لە گوندی قەجەر و لەگەڵ گەورەبوونی، خەڵک عاشقی دەنگە ئاسمانییەکەی دەبن. لەگەڵ دامەزراندنی رادیۆی کوردی کرماشان لە ساڵی١٩٥٨ی هەتاوی، خەڵکی کرماشان و لوڕستان و ئیلام هەموو ئێوارانی چوارشەممە بە تامەزرۆییەوە گوێیان لە دەنگی دەگرت، بەڵام لەگەڵ هاتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران زیاترین ئەو قەوانانەی دەنگی عەلی نەزەر و هونەرمەندانی دیکەی وەکوو حەسەن زیرەکی تێدا تۆمار کرابوو لە بینای رادیۆکرماشان دەستی بەسەردا دەگیرێ و دەیسووتێنن.
لەم ساڵانەی دواییدا قەوانێک دۆزراوەتەوە کە پسپۆران لە ئاڵمانیا توانیویانە چوار خولەک لە دەنگی عەلی نەزەری تێدا بدۆزنەوە و گوایە نزیکەی 20 خولەک لە دەنگی ماوە کە تائێستاش لە هۆرەچڕیندا هاوتای نییە.
بە گوتەی شەهرام نازری، هونەرمەندی ناسراوی کورد کە ناوبانگی جیهانیی هەیە: "عەلی نەزەر لە ستایلی چڕینی هاوکاتی دەنگی بەرزونزم، دوو قوڕگی بووە؛ چونکە هاوکات توانیوە پێکەوە بە بەرزی و نزمی بچڕێ و ئەوە دیارییەکی خواوەندە پێی بەخشراوە."
دواجار ئەم هونەرمەندە لە ساڵی ١٩٧٤ی هەتاوی لە نزیک شاری سنە بە رووداوی هاتوچۆ کۆچی دوایی دەکات و لە شاری قوم ئەسپەردەی خاکی دەکەن.
هۆرە، زمانی هاوبەشی کوردە بەدرێژایی مێژوو، بەڵام لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان زیاتر پارێزراوە. هۆرە دایکی هەموو چریکە و چڕینەکانە. چڕینی ناو ئاگردانەکانی سەردەمی زەردەشتە. قسەکردن و دەردەدڵە لەگەڵ یەزدان. لە بەشی گاتاکانی ئاڤێستا، کتێبی پیرۆزی کورد، وەک بیری چاک، کرداری چاک و وتەی چاک باسی لێوە کراوە.
هۆرە، چڕینی مێژوویی تاکی کورد بووە بۆ ئەهورامەزدا، هۆرە یان ئەهۆرە لەناو ئاڤێستا بە مانای سەروەر و مەزنە. باربۆد و نەکیسا دوو هۆرەچڕی سەردەمی خەسرەوپەروێز بوون، لە کتێبی بەستێنی ناسینی مۆسیقای فەرەیدوونی جونەیدیدا هاتووە: "هۆرە، چڕینی کەونارایی کوردە و باربۆد و نەکیسا، هۆرەیان بۆ خەسرەوپەروێز چڕیوە." سارۆخانی، دوودەنگی، خانمیری، سەحەری، قەتار، سوارانە، هیجرانی، غەریبیچڕ، تەرزی رۆستەم، قاچاخیچڕ، هەی لاوە، سەرسواری، ئەرکەوازیچڕ و پاوەمووری، بەشێکن لە مەقامەکانی هۆرە. هۆرەی ژنانە بە موور ناسراوە و زیاتر لە کاتی کۆچی کەسایەتی و شەهیدبوونی رۆڵەکان، ژنانی ئیلام و کرماشان دەیچڕن.
ئەگەر هۆرەچڕ بە دەنگی نەرم و نزم هۆرە بچڕێت بەو هۆرەیە دەڵێن "لۆرە" و ئەگەر بە خەمەوە بیچڕێت "کزە"ی پێدەڵێن. لەگەڵ دەرکەوتنی سۆفیگەری لە کوردستان، دەروێشەکانی تەریقەتی قادری هۆرەیان بە سۆزەوە چڕی و شێوازی عیرفانییان پێبەخشی، کە بە "سۆز" ناسراوە. جیا لە عەلی نەزەر؛ هونەرمەندانی دیکەی وەکوو (عەولەیز حەیدەری، سەی قولی کشاوەرز، حاجی تووسی نەجات، بەسات عوسمانوەند، ئیبراهیم حسێنی، یاسم یاسمی، کەریم سادقی و بارام بەیگی وەڵەدبەیگی) لە ناسراوترین هۆرەچڕەکانی کوردستانن.

