زانیاری لەبارەی گەڕاندنەوەی ئێسكەپەیكەری نیاده‌رتاڵ بۆ هەرێمی كوردستان دەخرێتە ڕوو

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

زانیاری لەبارەی گەڕاندنەوەی ئێسكەپەیكەری نیاده‌رتاڵ بۆ هەرێمی كوردستان دەخرێتە ڕوو

بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران بۆ (باسكورد) دەڵێت: "دوایین ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیاده‌رتاڵ كە لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزرایەوە، بریتی بوو لە كەللەسەری ئافرەتێك، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان كوردستانی بە جیهان ناساند، تائێستاش لێكۆڵینەوە زانستییەكان لەسەری بەردەوامن، بە هیواین تا ئەو كاتەی ئێسكە پەیكەرەكە دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، مۆزەخانەیەكی شوێنەواریی بنیاد بنێن و لەوێ‌ دایبنێن و پارێزگاریی لێبكرێت.

 د. عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، بە (باسكورد)ی راگەیاند: "لە ئەنجامی كاری كنین و پشكنین لە ئەشكەوتی شانەدەر، واتە لە ماوەی نزیكەی 70 ساڵی ڕابردوودا لەلایەن شوێنەوارناسە جیهانییەكان و ناوخۆیی، تائێستا 11 ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیانده‌رتاڵ لە ئەشكەوتەكە دۆزراونەتەوە، واتە لەسەرەتای كاركردن 10 ئێسكە پەیكەر دۆزرانەوە، هەروەها لە ساڵی 2019 لەلایەن تیمی زانكۆی كامبێرجی بەریتانی لە كاتی كاری پشكنین و هەڵكۆڵین لە ئەشكەوتەكە، یازدەمین ئێسكەپەیكەری نیانده‌رتاڵ دۆزرایەوە، كە بریتی بوو لە لە كەللەسەری ئافرەتێك كە بۆ 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕایەوە.

 بەپێی پشكنینەكان، پێدەچێت جیاوازتر و نوێتر بووبێت لە ئێسكەپەیەرەكانی دیكە و بە مرۆڤی نیاده‌رتاڵی شانەدەر ( Z ) ناودەبرێت، دوای لێكۆڵینەوە و پشكنین لە تاقیگە جیهانییەكان لەسەر ئەم كەللەسەرە و ئاشكراكردنی بەشێك لە دەرەنجامەكان، بەشێوەیەك دەنگدانەوەی هەبوو كوردستانی بە هەموو جیهان ناساند".

 بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، لەبارەی ئەوەی ئایا كەی ئەم ئێسكەپەیكەرەی ئەو ئافرەتەی نیادرتاڵ بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێندرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری سۆران ئاشكرای دەكات: "تا ئێستا لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم ئێسكەپەیكەرەكە بەردەوامە، بۆ زیاتر وەرگرتنی زانیاریی لەسەری، چونكە ئەوەی پێشووتر بڵاوكرایەوە تەنیا زانیاریی سەرەتایی بوون و پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە، دوای تەواوكردنی ئەنجامەكان ئێسكەپەیكەرەكە دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان"٠

د.عەبدلوەهاب سلێمان، دەشڵێت "هەوڵەكانمان بەردەوامن بە هاوكاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شوێنەوار و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دروستكردنی مۆزەخانەیەكی شوێنەواری و كەلەپووریی سەردەمیانە لە سنوورەكەمان، هیوادارین لەگەڵ تەواوكردن و دامەزراندنی مۆزەخانەكە ئێسكەپەیكەری ئەو ئافرەتە بگەڕێندرێتەوە و لە مۆزەخانەكە دابندرێت، چونكە پێویستە لە شوێنێكی ئەمین و پارێزراودش بێت، جگەلەوەش هەزاران پارچە شوێنەواری مێژوویی لە سنوورەكەمان هەن و پارێزگارییان لێكراوە، بە دروستكردنی مۆزەخانەیەكی شوێنەواری دەتوانین سەرجەمیان بگوازینەوە بۆ ئەم مۆزەخانەیە، بەهیواین بە هەوڵی هەموو لایەك بتوانین هەرچی زووە ئەو پڕۆژە گرنگە جێبەجێ‌ بكەین".

 ئەشكەوتی شانەدەر دەكەوێتە زنجیرە چیای برادۆست لە قەزای مێرگەسۆر، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كە 2200 پێ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، مێژووەكەی بۆ سەردەمی بەردینی كۆن دەگەڕێتەوە و بە كۆنترین ئەشكەوت دادەنرێت لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا، كە ماوەی نزیكەی 70 ساڵە بە چەند قۆناغێك كاری كنە و پشكنین لەم ئەشكەوتە كراوە. تا ئێستا 11 ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ و چەند پارچە شوێنەوارێكی مێژووییش دۆزراونەتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەن كە هەزاران ساڵ لەمەوبەر ژیان لەم ئەشكەوتەدا هەبووە.