ئەشکەوتی (بێتکار) کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن (بێتکارە)، دەکەوێتە چیای ماکۆک لە گوندی (نۆرەی) شارەدێی سەرکەپکانی قەزای ڕانیە.
مێژووەکەی بۆ چاخی بەردین دەگەڕێتەوە کە چەند پارچەیەکی مێژوویی وەکوو رمی بەردی لێ دزراوەتەوە، ئی ئەو سەردەمە بووە و مێژوویەکی 10 هەزار ساڵەی هەیە. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن ئەشکەوتێکی بێ کۆتاییە، بەدرێژایی (6) سەعات ڕۆیشتوون و نەگەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی، لەلایەکی دیکەوە دەگوترێ وەک تونێڵێک وایە بەناو چیاکەدا تێپەڕدەبێت و دەچێتەوە ناوچەی بێتواتە لە دۆڵی خۆشناوەتی.
دەگێڕنەوە، لە سەردەمی کۆندا رێبوارێک بۆ ماوەی (3) رۆژ لەو ئەشکەوتە دەمێنێتەوە و خشڵ و زێڕێکی زۆری لەناودا دۆزیوەتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، هیچ گرنگییەک بەو ئەشکەوتە پڕ بایەخە نەدراوە و تەواو فەرامۆش کراوە کە دەبوو خزمەتگوزاریی بۆ ببرێت و وەک شوێنێکی گرنگی گەشتیاری بناسرێت.
ئەشکەوتەکە لە وەرزی زستاندا کەشوهەوایەکی گەرمی هەیە و لە وەرزی هاوینیشدا کەشوهەوایەکی فێنک و ساردی هەیە. ناوەوەی ئەشکەوتەکە فراوانە و نەخش و نیگارێکی سیحراویی هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەو کلسانەی بەهۆی دڵۆپەباران و دزینی ئاو لە کەلێنە شاخەکانەوە بەهۆی دڵۆپەبارانەوە کە بە بنمیچی ئەشکەوتەکەوە دەمێننەوە، یاخود بەر زەوی دەکەون، ئەوەش بووەتە هۆکارێکی دیکەی دیمەنی جوانی ناو ئەشکەوتەکە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی خراپیی رێگاوبانەکانی گەیشتن بەو ئەشکەوتە قورسە و هەموو کەس ناتوانێت ئەو سروشتە دڵڕفێنە ببینێت.
ئەم ئەشکەوتە وەک شوێنێکی گەشتیاری، گرنگیی پێنادرێت و پشتگوێ خراوە.




