لەپشت کێوی وەیس کە گۆڕی حەزرەتی وەیسی قەرەنی تێدا نێژراوە و دەکەوێتە پارێزگەی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ کانیاوێکی خۆش بەناو هەشیلان هەیە کە سەرەنجی گەشتیاران لە وەرزی هاوین بۆ لای خۆی رادەکێشێ.
ئاوی گۆلاوی هەشیلان لەسەرەوە وەک کانیاوە و لەخوارەوە بووە بە دەیان دوورگەی گەورە و بچووک کە لە وەرزی زستان بەشێکیان دەکەونە ژێرئاو. گۆلی هەشیلان کەوتووەتە داوێنی کێوی خورین و وەیس لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان. 36 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری کرماشانەوە دوورە و پانتاییەکەی 900 دۆنمە کە هەر چەشنە ڕاوکردنێک تێیدا قەدەغەیە.
هەشیلان بەهەشتێکە بۆ گەشتیاران و شوێنێکی خۆشە بۆ گیانداران. گورگ، ڕێوی، کەروێشک، چەقەڵ، پشیلەی کێوی بەشێکن لەو ئاژەڵانەی لەناو دوورگە گەورە و بچووکەکانی ئەو گۆلاوە دەژین.
لەگەڵ ساردبوونی هەوا، دەبێتە مەئوای باڵندە کۆچەرییەکانی ئاسیای ناوەندی وەک سۆنەی سەرسەوز، قازی خۆڵەمێشی، فلامینگۆ، قەلانجە، مرەڕەشە و دەیان جۆر باڵندەی دیکەی وەک حاجی لەق لەق، قەلەباجکەی دەنووک سوور، هەڵۆ، شوان گێلکەرە، پەپووسڵێمانە، زەردیوەری، بووەکوێرە و هەنگخۆرە.
هەشیلان بە مانای هێلانەمارە، لە دوو وشەی کوردی (هەشی بە واتای مار و لان بە مانای هێلانە) دروست بووە. ناوەکەیشی لەوەوە هاتووە؛ لە دناو ئەم گۆلاوە ژمارەیەکی زۆر مارئاوی هەیە، بەڵام بێ ئازارن و پێوەنادەن. جیا لەو مارانە، خزۆکی دیکەی وەک مارمێلکەی ئاگاما، قوڕاویلکە و مارمەزووک لەگەڵ چەندین جۆر ماسی کەپوور، بووکەماسی، رەشەماسی و سپی کاوڵی دەژین.
ئەوەی جێی سەرەنجە، دەوروبەری ئەم گۆلاوە خاوەن خاکێکی شێدار و تەڕە، بەڵام تا چاو بڕدەکا هیچ درەختێک نابینی کە لەسەر خاکەکەی شین بێ و بە رووەک و گیا داپۆشراوە.




