داڵاهۆ شاخێکە لە بەرد و داربەڕوو و بە مانای شاخی پڕ لە داڵە. چیای پیرۆزی یارسانەکانە و زیاترین یارسانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەورووبەری ئەم شاخە نیشتەجێن.
١٠٠ کیلۆمەتر لە شاری کرماشان دوورە و لە بەرزاییەکانی ئەم شاخەوە دەتوانی خاکی باشووری کوردستان ببینی. داڵاهۆ جیا لەوەی ناوی شاخێکە، ناوی قەزایەکەی یارساننشینە کە ناوەندەکەی شاری (کرند)ە. ئەم قەزایە ١٥٤ گوندی لەخۆ گرتووە، یەکێک لەو گوندانە، ناوی (گەورەجۆی قشڵاق)ە. گوندی گەورەجۆی قشلاق لەگەڵ هاتنی بوومەلەرزەی چەندساڵی رابردوو بەتەواوی رووخا، بەڵام سەرلەنوێ نۆژەن کرایەوە و بەهۆی تایبەتمەندییەکانییەوە ناوبانگی سنوورەکانی بڕیوە.
ئەم گوندە بەهەشتێکی نەناسراوە لە شاخ و بەڕوو و ئاو. گوندێک لەنێوان شاخێکی بەرز و رووبارێکی پڕئاو.
دانیشتوانی گوندەکە سەر بە ئایینی یارسانن کە ئایینێکی کوردییە، پیر و پێغەمبەرەکانیان بە کوردی قسەیان کردووە و کتێبە پیرۆزەکەیشیان بە کوردییە.
گوندی گەورەجۆ سەر بە شارۆچکەی (گاوارە)یە، کە وەکوو پایتەختی سێو لە پارێزگەی کرماشان ناوی دەرکردووە. گەورەجۆ بە مانای جۆگەلە و رووباری گەورەیە و رووباری زمکان تینووێتیی باخەکانی ئەم ناوچەیە دەشکێنێ. باخەکانی ئێرە زیاترین و بەتامترین سێو و شەکرەسێویان لەخۆگرتووە. ئەم ناوچەیە چەندین جۆر سێوی لەخۆ گرتووە و رەوانەی شارەکانی دیکەی ئێران و دەرەوەی ئێران دەکرێت.
دوو جیاوازیی ئەم گوندە لەگەڵ گوندەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە؛ سەرجەم خەڵکی گوندەکە تەمبوورژەنن، ئەگەرچی تەمبوور بۆ هەموو کوردێکی سەر بە ئایینی یارسان پیرۆزە و لەگەڵ ئەم ئامێرە گەورە دەبن، بەڵام ئەوەی ئەم گوندەی جیاوازتر کردووە، وەرزشی (گورد ڤی چونگ)ە، وەرزشێکی چینی کە دانیشتوانی ئەم گوندە لەگەڵ شاخ و داخی کوردستان و داب و نەریتی کوردی گونجاندوویانە و کردوویانە بە وەرزشێکی کوردی تایبەت بە خۆیان و دەیانەوێ بە ناوی کوردەوە بە جیهانی بناسێنن. (گورد) لە کتێبی (شانامە) بەمانای کورد و پاڵەوانە و (گوردڤی چونگ) بەمانای (بەرگری تاکەکەسی کوردانە) دێ. خەڵکی ئەم گوندە چەندین ساڵە روویان کردووەتە ئەم جۆرە وەرزشە و دەیانەوێ لە رێی ئەم وەرزشەوە هەم گوندەکەیان بە گەشتیاران بناسێنن و هەم خەڵک بۆ وەرزش و بەرگریی لەخۆیان هان بدەن.