13 سەعات گفتوگۆ

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

کەسایەتیی نیشتمانی و نووسەر و ڕووناکبیر و ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری بەتوانا و زمانزان، کاک ئازاد عەبدولواحید، سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان، شاکارێکی دیکەی ئەدەبی و زانستی و ئەکادیمیی خستە سەر خەرمانی کارە نایابەکانی دیکەی، ئەم جارەیان "شێخی قەڵەم" دوای کارکردنێکی فەرهادئاسا، لە باڵای بێستوونێکی ئەم وڵاتی کوردەوارییە دەڕوانێ، دوای چەندان ژوان و دانیشتنی گەرموگوڕ و چروپڕ، لەمیانی گفتوگۆیەکی هەمەلایەنی پڕ هۆشیاری و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و سیاسی و مێژوویی و فەلسەفی، توانیویەتی گەنجینەیەکی دیکەی گرانبەها بدۆزێتەوە و پێشکەشی گەلەکەی بکاتەوە و بە زمانی پێنووس و بەدەم تاوتووکردنەوەی مێژوو، بە ڕۆڵەکانی نیشتمان ببێژێت: ئێمەی کورد ستوونێکی بەژنزراڤی درەوشاوە و کەسایەتییەکی بلیمەتی وەک (پڕۆفیسۆر دوکتۆر موحسین محەمەد حوسێن)مان هەیە.

ئەو هەڤپەیڤینەی کاک ئازاد عەبدولواحید لەم گەشتە 13 سەعات ئەنجامی داوە، بە پرسیارە فرەڕەهەندکانی کە زۆر باش دەزانێ چۆن و لە کوێ و کەی پرسیار لە بەرانبەرەکەی دەکات، وەها ڕاشکاوانە (پرۆفیسۆر موحسین محەمەد حوسێن)ی هێناوەتە ئاخافتن، وەک خۆی دەڵێت: "خۆم ئەو پرسیارانەم لە خۆم بپرسیبایە، وەک پرسیارەکانی تۆ نەدەهاتنەوە" لە بەرانبەریشدا ئەو وەڵامە قووڵ و زانستییانەی جەنابی پرۆفیسۆر خستوونیەتە ڕوو، ئەوە هەڵدەگرن کە کردوویانە بە ناوونیشانی کتێبەکەیان (بێ ترس و دوور لە سۆز، مێژوو دەنووسێتەوە).

لە ماوەی مانگێک خوێندنەوە و گەشتکردنم لە پانتایی فیکر و ڕامان و ڕۆشنبیریی ئەو دوو کەسایەتییەدا، وەک بیرمەندی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان "ئیبراهیم مەحموود" دەڵێت: (فڕین لەناو کونی دەرزیدا – التحلیق من خرم الأبره‌)، منیش هاوشێوەی ئەو، زۆر بە وردی و بە ئیشقەوە هاوڕێی گەشتەکەی ئەو دوو زاتە هێژایە بووم، لێرەشەوە پوختەی ئەم سەفەرە مەعریفییەم پێشکەشی خوێنەرانی دەکەم، بە هیوام تا ڕادەیەک هاوزمانانم بە چەند لایەنێکی گفتوگۆی ناو کتێبەکە ئاشنا کردبێت.

بەشبەحاڵی خۆم، وەک خوێنەرێک، زۆر لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە سوودمەند بووم، چونکە توانیم بە زۆرترین زانیاری، زۆرترین ڕاستی مێژوویی بگەم، بە چەردەیەک لە ناوونیشان و سەرچاوەی جیاواز و ناوی دەیان کتێب و نووسەر و ڕەخنەگر و زانا و لێکۆڵەری خۆیی و بیانی، هاوکات هەڵوێستی ڕاستودروستی چەندان کەس و کەسایەتی و فڵان و فیسارم لە ئاست پرسگەلی جیاواز جیاوازدا بۆ بەدیار کەوتن، هەروەها دەمامک و دووڕوویی و خەمساردیی زۆر کەسیش لە ئاست بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەکان وەک ڕۆژی ڕوون خۆیان نواند.

لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا، هێندەم هێڵی ڕاست و چەپ و کەوانە و خاڵ و بۆر لەسەر و بنی دێڕەکان داناوە، لە دامێن و ئەولا و ئەولای لاپەڕەکانیشدا هێندەم تێبینی نووسیون و پەڕەکانم نووشتاندوونەتەوە، بێتو ئەو کتێبەم وەک خواستن (ئیستعارە) وەرگرتبا، هەرگیز خاوەنەکەی ڕازی نەدەبوو لێمی وەربگرێتەوە، چ بکەم ئەوە خەسڵەت و خووی منە لە خوێندنەوەی کتێبی باش.

وەک کوردێک دڵم زۆر خۆش بوو کە ئێمە کەسانی وەک "پڕۆفیسۆر دوکتۆر موحسین محەمەد حوسێن"مان هەیە، کە بەو قووڵییەوە چووەتە ناو مێژووی گەلەکەی و گەلانی دیکەی ناوچەکە، بگرە هی نەتەوەکانی دیکەی جیهان و ئەو شارەزاییە زۆرەی دەربارەی شارستانیەتە دێرین و کۆن و مۆدێرنەکانی مرۆڤایەتی هەیەتی، هەروەها دەربارەی ئایین و ئایینزاکان و زانا و بیرمەندان و ڕێبازە ئایینی و فکرییەکان زۆر بابەتیانە و بە شیکارییەکی ورد و جوانەوە دوور لە "سۆزداری" بابەتەکانی شەنوکەو کردووە.

ئەو وەک ڕۆڵەیەکی هەولێری، لە گەڕەکی (عارەبان) چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە، لەناو خێزانێکی مامناوەند گەشەی کردووە، ئینجا وەک مەلێکی عەوداڵی ئازادی بەرەو جیهانی دەرەوەی بنەماڵەکەیان لە شەقەی باڵی داوە، یەکەم جار لە هەولێر، پاشان بەرەو بەغدا ڕۆیشتووە، لەو شارەدا کە هەموو شتێک بۆ ئەو نوێ بووە، سەرەتای ژیانی ئەوێی پڕ زەحمەت و دەردەسەری بووە، بەڵام ناوەستێ و ناکەوێ، بە دوای بەدیهێنانی خەونەکانیدا دەگەڕێ.

لێرەوە لە بەغدای پایتەختی شارستانیەتەکان و ئەدەب و زانست، هزری گەشە و نەشونما دەکات، چاوی بۆ ژیانێکی نوێ کردۆتەوە و هەر لەو شارەش، ساڵی ١٩٦٢ خوێندن لە زانکۆی بەغدا تەواو دەکات، لە زانستگە قوتابی بیرمەندی گەورە (د.عەلی وەردی) بووە، ئەو لە وەسفی (عەلی وەردی)دا دەڵێت؛ "بە مانای وشە کەسێکی بیرمەند بوو، دیالۆگسازیش دەڵێ ڕۆژئاواییەکان بە (سان سیمۆنی عێراق) ناوی دەبەن". پڕۆفیسۆر زۆر شانازی بە ڕۆژگاری خوێندن و پەروەردەی نەوەکانەوە دەکات، جا بۆ نەیکات؟ کە یەکێک لە قوتابییەکانی، لە خانەی مامۆستایانی هەولێر، زانای کۆچکردووی کورد (عەزیز گەردی) بووبێ.

لە باسی کەسایەتییەکان و زانا و بیرمەندە گەورە و ناودارەکان، کورد و عەرەب و بیانییەکان لە ڕۆژگارێکی زووی مێژوییەوە تا هەنووکە، بۆ ناسین و ڕامان لە بیر و هەڵوێستیان، پڕۆفیسۆر گەشتێکی فراوان و قووڵمان پێ دەکات، هەر لە (ئیبن ئەلشەعار) کە ماوەی شەش ساڵ لە ماڵی (ئیبن مستەوفی)دا لە قەڵای هەولێر بەخێو کراوە، تا دەگاتە (ڕابیعە) خاتوونی خوشکی (سەلاحەددین ئەیوبی) کە خێزانی سوڵتان موزەفەر بووە و ٤٤ ساڵ لە هەولێر ژیاوە، بەڵام بۆ کورد خشتێکی لەسەر خشتێک دانەناوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە (ئیبن ئەسیر) هیچ خزمەتی کوردی نەکردووە، ئەگەرچی بە بنەچە کورد بووە، ئینجا دێتە سەر باسی (سوهرەوەردی) و چۆنیەتیی ڕووداوی مردنەکەی، باسی (ئیبن خولەکان)مان بۆ دەکات و دەڵێت خەڵکی هەولێر بووە، نەک خەلەکان، هەروەها (یاقووتی حەمەوی) و چەندان شاعیر و بیرمەند و گەڕیدەی هێناوەتە بەرباس، دواتر لە مەڕ هزروانانی سەردەم دێتە سەر باسی مارکس و ئەنگڵس و مکیاڤیللی و دەیانی دیکەی هاوشێوەیان، کە هەریەکەیان بە گوێرەی کاریگەریی سەردەمی خۆیان، شرۆڤەی بۆچوونەکانیانی کردووە.

 

لە باسی (سەلاحەددینی ئەیووبی) کە بەشێکی باشی لەو کتێبە بەرکەوتووە، ئەو بەبەڵگەوە ڕای زانستی و ئەکادیمیی خۆی خستۆتە ڕوو، من پێم باشە وەک چۆن بۆچوونی منی لەسەر ئەو بابەتە یەکلایی کردەوە، ئاوهاش خوێنەری کورد، ئەوانەی مەبەستیانە دەربارەی سوڵتان (سەلاحەددین ئەیووبی) زانیاریی دروست بزانن، با ئەو کتێبە و کتێبەکانی دیکەی پڕۆفیسۆر و لێکۆڵینەوەکانی بخوێننەوە، لەوانە کتێبی (موضوعات فی التاریخ الكردی)، ئینجا قەزاوەتی خۆیان بکەن.

لە باسی شوێنەوارناسیدا، پڕۆفیسۆر زۆر بابەتیانە باسی ئەو لایەنە دەکات و دەڵێت؛ "شوێنەوار زانستێکی بنەڕەتی مێژووە، بەڵام درۆی لەگەڵ نەکرێ، ئەگەر ئەو شوێنەوارە ئی خۆت نەبێ، مەڵێ ئی منە، ئەگەر ئەو شوێنەوارە لە وڵاتی تۆ بێت، بە پارچەیەک لە مێژووی تۆ دادەنرێت" هەروەها دەڵێت؛ "لە کوردستان هەندێک شوێنەوار و شتی وەک (نارامسین)مان لە ناوچەی قەرەداخ هەیە، ئەگەرچی شوێنەواری زۆر گرنگمان نییە، لەوانەی پێیان دەگوترێت (الأوابد) کە تێک ناچن، وەک ئەهرامەکانی میسر و ئەبولهۆل و پەرستگەی ئەبوو سونبل لە میسر و ئەسەد بابل لە عێراق.

لە باسی خۆشەویستیی بۆ مێژوو دەڵێت: ئەوەی مێژووی خۆش بوێت هاوئاهەنگییەکی خەیاڵ ئامێزی لەگەڵ دروست دەکات، من کاتێک لەسەر مێژوو دەنووسم، وەک ئەوەیە لەسەر ئامێری پیانۆ بم و ئاوازێکی خۆش بژەنم، هەروەها دەڵێ: "دەبێ مرۆڤ لە کۆمەڵگەی خۆیدا ڕۆڵی هەبێت، منیش ئەو ڕۆڵبینینەم لە نووسینەوەی مێژووی وڵاتەکەمدا دەبینم، من لەسەر مێژووی کورد و کوردستانم نووسیوە، ئەوە لەلام شتێکی بنچینەییە“ هەروەها دەفەرموێت: "من مێژووی کوردم لە درۆودەلەسەی گەلانی دیکە ڕزگار کرد، کە بە شێوەی ڕەگەزپەرستانە سەیری مێژوو دەکەن."

لە باسی جوگرافیادا پڕۆفیسۆر دەڵێت: "جوگرافیاشم حەز لێیە، چونکە جوگرافیا خاکی ڕووداوەکانە، لەسەر ئەو خاکە ئەو مێژووە، لەو سەردەمەدا دروست بووە، لەبەر ئەوەی سەرەتای مێژوو ئەوەیە مرۆڤێک لەسەر خاکێک لە زەمانێکدا شتێکی کردووە، ئەوەش یەکێکە لە ڕەگەزەکانی مێژوو.“

لە بواری خوێندن و فێرکردنی قوتابییاندا دەڵێت: ”خوێندن هاندانێکە لە خۆتەوە دەست پێدەکات، شتێکی زاتییە، پێوەندیی بە خۆتەوە هەیە“ هەروەها دەفەرموێت: "دەبێ قوتابییەکانمان گۆش بکەین کە چۆن بە مەوزووعییەتیان فێر بکرێن“ دەشڵێت: دەبێ بە دیققەتەوە دوژمنەکانمان بخوێنینەوە.

ڕەگەکانی درەختی پڕ بەرهەمی ژیانی پڕۆفیسۆر لە هەولێر و قەڵاتەوە سەرچاوەیان گرتووە و چوونەتە ناو جەستەیەوە، بۆیە کاتێک کاک ئازاد عەبدولواحید لێی دەپرسێت: هەولێر و قەڵاتت خۆش دەوێن؟ لە وەڵامدا دەڵێت: ”قەڵات کەسایەتیی

هەولێری چەسپاندووە، چونکە قەڵات هەولێر بووە، هەولێریش قەڵات بووە. کە لێشی دەپرسێت بەنیاز نیت بیرەوەرییەکانت بنووسیتەوە، دەڵێت: با، کە نووسیم ناوی دەنێم (من ناگۆڕێم)!