دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەیووبی لە خۆرهەڵاتی کوردستانی ئێستادا

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەیووبی لە خۆرهەڵاتی کوردستانی ئێستادا

 ئەگەر سەرنج بدەین لەو جوگرافیایەی کە دەوڵەتی ئەیووبی لە ناوچە کوردییەکانداهاتە ناوییەوە؛ زۆربەمان ئاشنای چەند ناوچەیەکی دیاریکراوین، بەڵام ئایا چەندمان ئاگاداری ئەوەین کە ئەیووبییەکان توانیویانە بچنە چەندین ناوچەی کوردی لە خۆرهەڵاتی کوردستانی ئێستادا؟

 مێژووی دەسەڵاتی ئەیووبییەکان لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی، کە خودی سوڵتان سەڵاحەددین یوسفی ئەیووبی سەرکردایەتیی سوپاکەی کرد بۆ دەستگرتن بەسەر مووسڵدا، کە ئەودەمە بەدەستی زەنگییەکانەوە بوو، دوای چڕکردنەوەی ئەو گەمارۆیەی کە خستییە سەر شارەکە؛ ئیدی فەرمانڕەوای زەنگییەکان بۆی دەرکەوت ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتر بەرامبەر سوڵتان و سوپای کوردان چارەی نییە، هەربۆیە بڕیاری ئەوەیان دا کە خواستەکانی سوڵتان بەدەست بهێنن، یەکێک لەو بڕگانەی کە لەنێوانیاندا بڕیاری لەسەردرا ئەوەبوو، کە ناوچەی شارەزوور لە دەستی زەنگییەکان وەربگرێتەوە و بخرێتەوە ژێردەسەڵاتی ئەیووبییەکان، ئەمە سەرەتای چوونە ناو خۆرهەڵاتی کوردستان بوو، چونکە بەگوێرەی سەرچاوە جوگرافییەکانی سەردەمی دەوڵەتی ئەیووبی وەک (یاقووتی حەمەوی) (مردوو لە ٦٢٦ک./ ١٢٢٩ز.) ئاماژەی پێداوە، شارەزوور بەو دەڤەرانە گوتراوە کە لەنێوان هەولێر و هەمەداندا بوون، کە ئەمە بێگومان ڕووبەرێکی فراوانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە، واتە بەشێکی فراوان لە پارێزگاکانی سنە و کرماشانی ئێستا.

 لە ساڵی (٦٠٢ک./ ١٢٠٥ز.) ناوچەکانی ئازەربایجان بەهۆی پشتگوێخستنی کاروباری وڵات لەلایەن فەرمانڕەواکەیەوە کە (ئەبووبەکری کوڕی پەهلەوان) بوو تێکچوو، ئەمە وای کرد دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکانی دەست بکەن بە دژایەتیکردنی و لەم سۆنگەیەوە یەکێک لە سەرکردەکان بە ناوی (عەلائەددین قەراسینقەر)ی خاوەنی مەڕاغە یاخیبوو، هەربۆیە داوای لە (موزەفەرەددین كۆکەبووری) پاشای هەولێر کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی گەورەی ئەیووبیدا بوو، هاوکاریی بکات، ئەویش بە سوپاکەیەوە هاتە ناوچەکەیانەوە و بە ئاراستەی مەراغە ڕۆیشت و دواتریش فراوانخوازییان کرد و توانییان بە ئاڕاستەی سنوورەکانی تەورێز بڕۆن، کە ناوەندی دەسەڵاتی هەرێمەکە بوو، بەڵام دواتر پاشا موزەفەرەددین کشایەوە، چونکە فەرمانڕەوای ئازەربایجان ویستی ناوبانگی پاشا لەکەدار بکات بەوەی، کە دژی هێزێکی موسڵمان شەڕ دەکات، ئەمەش خەریکبوو کاریگەریی خراپ لەسەر ناوبانگیان دابنێت، هەربۆیە دەکشێنەوە.

 بەڵام جارێکی دیکە و لە ساڵی (٦١٢ک./ ١٢١٥ز) بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی هەرێمی چیاکان لە خۆرهەڵاتی میرنشینی هەولێر، خەلیفە بڕیاری پەلاماردانی ناوچەکەی دا و داواشی لە میری هەولێر و مووسڵ و فەرمانڕەواکانی دیکەی جەزیرە دا هەتا لەگەڵیدا بن، بەوجۆرە سوپا هاوپەیمانەکە سەرکەوتوو دەبن و دەستکەوت و سنوورەکانی هەرێمەکە، کە خۆرئاوای چیاکان دەبێت و سنوورێکی فراوانی کوردستانی خۆرهەڵاتیشی پێکدەهێنا کەوتە دەستیان، بەوەش هەموویان دەستکەوت و سنووریان وەرگرت و پاشا موزەفەرەددینیش یەکێک بوو لەوانە، بەڵام باس لەوە نەکراوە کوێی بەرکەوتووە! هەروەها دوای ئەوەی کە هێزەکانی ئەیووبی لە هەرێمی جەزیرە توانییان لە بەرپەرچدانەوەی هێزە داگیرکەرەکانی خواریزمی، کە پێشتر بە هێزێکی دڕندە و توندەوە پەلاماری خیڵاتیان دابوو، ئەوەبوو فەرماندە (حیسامەددین حاجب) توانیی لە ساڵی (٦٢٤ک./ ١٢٢٦ز) پەلاماری هەرێمی ئازەربایجان بدەن و شارە کوردییەکانی وەک (مەرەند، خووی، سەڵماس، نەخچەوان) بگرن، بەمەش گەیشتنە ئاستێکی فراوان لە سنوورەکانی خۆرهەڵاتدا.

 لێرەوە تێدەگەین، کە ئەیووبییەکان سنووری خۆرهەڵاتیان گەیشتووەتە سنووری ناوەندی تەورێزی ناوەندی هەرێمی ئازەربایجان، کە لەپێشتریشدا پایتەختی دەوڵەتی ڕەوادی کوردی بووە، تەنانەت ئەمە وەک شانازییەک لەلایەن ئەیووبییەکانەوە بینراوە، بۆ نموونە، پاشا کامیل ناسڕەددین محەمەدی ئەیووبی کە فەرمانڕەوای ئەیووبی بوو لە میافارقین و ئامەد و توانیی بۆ ماوەی دوو ساڵ زۆر ئازایانە لەگەڵ سوپاکەی و خەڵکی شارەکەی ڕووبەڕووی مەنگۆلەکان و هێزەکانی هۆلاکۆ ببێتەوە، دوای دوو ساڵ (٦٥٦-٦٥٨ک./ ١٢٥٨-١٢٦٠ز) لە شەڕی زۆر بەهێز، بە دیلی کەوتەدەست هۆلاکۆ و ئەویش دادگایی کرد هەتا سزای بدات، بەڵام پاشا کامیل زۆر بە بوێرییەوە ڕووبەڕووی هۆلاکۆ وەستایەوە و پێی گوت: "ئێمە لە عەدەنەوە بۆ تەورێزمان لەدەستدا بووە و ئەوەشی لەدەستمانداوە بە ویستی خودا بووە...".

کەواتە لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کەم تازۆر ئەیووبییەکان لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا دەسەڵاتیان گەیشتووەتە شارەکانی (مەرەند، خووی، سەڵماس، مەراغە، شنۆ) ئەمە لەپاڵ چەندین ناوچەی دیکە لە پارێزگاکانی سنە و کرماشانی ئێستا، کەواتە وەک چۆن فەرمانڕەوابوون بەسەر خۆرئاوا و باکوور و باشوور و باکووری خۆرهەڵاتی کوردستانەوە، ئاواش توانیبوویان ڕووبەرێکی گەورەی خۆرهەڵاتی کوردستانیش بەدەست بهێنن، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، دوای ئیمپڕاتۆرییەتی میدیا، ئەیووبییەکان دووەم گەورەترین دەسەڵاتی کوردی بوون، کە زۆربەی کوردستانی مەزنی ئێستایان لەژێر دەستدا بووە.

 سەرچاوەکان:

 - عزالدين أبو عبدالله محمد بن علي بن إبراهيم الأنصاري الحلبي (ت ٦٨٤هـ./ ١٢٨٥م): الأعلاق الخطيرة في ذكر أمراء الشام و الجزيرة، الكتاب مرقم آليا غير موافق للمطبوع، ص١٩٢.

 - شهاب الدين أبو عبدالله ياقوت بن عبدالله الرومي الحموي (ت ٦٢٦هـ./ ١٢٢٩م.): معجم البلدان، ط٢، دار صادر، بيروت، ١٩٩٥م.، ج٣، ص٣٧٥.

- حسین عبدالرحمن حسین: ڕۆڵی هێزە دەرەکییەکان لە ململانێ ناوخۆییەکانی دەوڵەتی ئەیووبی و لێکەوتەکانی (خاچپەرستان و خوارزمییەکان بە نموونە) ، چ١، نووسینگەی تەفسیر، هەولێر، ٢٠٢٠ز.، ل١٦٦.

 - عەبدولقادر ئەحمەد توڵەیمات: مظفرنامە، سوڵتان موزەفەرەدین گۆگبرو امیر اربیل، و: خەسرەو پیرباڵ چ١، چاپخانەی تاران، هەولێر، ٢٠١٩ز، ل٣٢٧-٣٣٥.

 - هامنۆ ئەیوب هەورامی: پێگە و ڕۆڵی کورد لە دەوڵەتی ئەیووبیدا، چ١، ڕێکخراوی ئاستانە، ٢٠٢٤ز.، ل١٦٦.