بەشی سێیەم
جوگرافیزان
بەدەر لە بوارەکانی دیکە؛ یەکێکی دیکە لەو زانستانەی کە پاشا ئەبولفیدا شارەزایی و زانستێکی زۆری دەربارەی هەبووە؛ زانستی (جوگرافیا) بووە، ئەمە وایکردبوو شارەزاییەکەی لەو بوارەدا زۆر بەرز بنرخێندرێت و بەجۆرێک ستایش کراوە، کە مێژوونووسان پێیان وابووە نەک تەنیا لە جیهانی ئیسلامی؛ بگرە لەسەر ئاستی تەواوی گێتیی سەردەمی خۆی، مەزنترین زانای جوگرافیا بووە، ئەمەش وایکردووە ناوی ئەبولفیدا لەسەر دیواری کۆمەڵەی جوگرافیناسە فەڕەنسییەکان لە پاریس و لە پاڵ جوگرافیناسە مەزنەکانی جیهانیدا بنووسرێت.
کارامەییە نموونەییەکەشی لە بواری جوگرافیادا لە پەرتووکە بەناوبانگەکەیدا دەرکەوت، کە پەرتووکی (تقویم البلدان) بوو، گرنگییەکەی هێندە زۆربوو، کە خۆرهەڵاتناسە ئەورووپییەکان بۆ سەر چەندین زمانی جیاواز وەریانگێڕا، چونکە شێوازێکی تایبەتی خشتەییانەی لە دانانی وڵات و ناوچەکاندا دەگرتەبەر و ئەمەش ڕێگایەکی نوێ و جیاوازبوو لە شێوازی کارکردنی جوگرافیزانەکانی پێشتر، هەربۆیە ئەمە بە داهێنانی سیستەمێکی نوێ لە زانستەکەدا دەدرایە قەڵەم، کە پاشا پەیڕەوی لێکردبوو، هەروەها ئەبولفیدا لە خوێندنەوەی وردی بۆ پەرتووکە جوگرافییەکانی پێشتر هەستی کردبوو کە بەشێک لەو پەرتووکانە لە دانانی ناوچەیەک لەسەر هەرێمێکی هەڵە کێشەیان تێدایە، یان پیشاننەدانی زانیاریی پێویست و تەواو لەسەر تایبەتمەندیی شارەکان، هەربۆیە ویستوویەتی کارێکی جیاواز و نوێ بکات، کە ئەو خواستەی خۆی هەیبووە بەپێی بەرەوپێشچوونە زانستییەکانی سەردەمی خۆی، ئەوانە بخاتە سەر خەرمانە زانستییە جوگرافییەکە.
ئەم پەرتووکە ڕاستیی زانستی و گرنگی تێدایە، بۆ نموونە باسی لە خڕیی بازنەی گۆی زەوی کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، کە وشکانیی زەوی بەشێکە و سێ بەشەکەی دیکە بە ئاو داپۆشراوە، ئەمە بەدەر لەوەی باسی لەوە کردووە، کە جیاوازیی کاتەکان لەنێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوای زەوی بەهۆی خڕیی زەوییەوەیە.
هەرئەمەش وایکردووە کە (کریفز) لە ساڵی (١٦٥٠ز) لە لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا وەریبگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی، ئەوەش کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، کە یەکێک لەو چاپانەی هەتا ئێستا برەوێکی زۆری هەیە؛ ئەو چاپەیە کە لە ساڵی (١٨٤٠ز) لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا چاپ کراوە.
سەرچاوەکان:
- ابوالفداء: تقویم البلدان، د. ر. ط.، دار الطباعة السلطانیة، باریس، ١٨٤٠م.، صأ، ٦-٣٧.
- موحسین مامل محەمەد: کوردستان لە کتێبی تەقویم ئەلبولدانی ئەبولفیدای ئەیووبی، چ١، چاپخانەی موکریانی، هەولێر، ٢٠١٤ز.، ل٤١-٨١.


