بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری قەزای مێرگەسۆر، دەڵێت، تائێستا زیاتر لە 250 شوێنی شوێنەواری لە سنوورەكەمان تۆمار كراون، هەروەها چەندین شوێنەواری دیكە هەن تاوەكو ئێستا تۆمار نەكراون، بۆ خستنە ڕیزبەندی شوێنەواری پێویستیمان بە رووپێوی شوێنەواریی هەیە.
سۆران ئەمیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر بە (باسكورد)ی ڕایگەیاند: "لە وڵاتە پێشكەوتووەكان بایەخی زۆر بە شوێنەوار و كولتوور دەدرێت و پارێزگاریی لێ دەكرێت، چونكە شوێنەوار ناسنامەی گەلانە و پێویستی بە پارێزگاریكردنە، بە تێكدان و دەستكاریكردنی دەبێتە هۆی شێواندنی مێژووی شوێنەواری نەتەوەیەك، كوردستانیش بە چەندان ناوچەی شوێنەواری مێژوویی گرنگ دەوڵەمەندە، ئەوەش بۆچوون لە كۆنیی مێژوو و كولتووری گەلەكەمان دەكات".
دەشڵێت: "ئەگەر باس لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بكەین، ناوچەكە بە چەندین شوێنی شوێنەواریی دەوڵەمەندە و تائێستاش زیاتر لە 250 شوێنی شوێنەواری لە سنوورەكە تۆمار كراون، هەروەها چەندین شوێنەواری دیكە هەن تا ئێستا تۆمار نەكراون و پێویستیمان بە رووپێوی شوێنەواریی هەیە، تا ئەوانیش بخرێنە ڕیزبەندی شوێنەواری، بەمەش دەتوانرێت زیاتر بناسێندرێن و پارێزگارییان لێبكرێت، هیوادارین بتوانین لەداهاتوودا كاری زیاتریان لەسەر بكەین".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، ئەوەشی خستە ڕوو: "دەڤەری بارزان لە هەموو شوێنەكانی دیکە باشترە لە پاراستن و گرنگیدان بە ناوچە شوێنەوارییەكان، چونكە هاووڵاتییانی سنوورەكەمان زۆر هاوكارن و بیروباوەڕێكی تایبەتیان بۆ پاراستنی ژینگە و سروشت و شوێنەوارییەكان هەیە، هەروەك كولتوور و یاسایی پاراستنی شوێنەواری و ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان بۆ چەندان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و نەوە لەدوا نەوە پەیڕەوی دەكەن".
سۆران ئەمیر، ئاماژەی بەوەش دا: "سەرەڕای بوونی سەدان شوێنی شوێنەواری لە سنوورەكەمان، تائێستا كاری كنە و پشكنین بە هاوكاریی شوێنەوارناسە جیهانییەكان، تەنها لە سێ چوار شوێن كراوە، گرنگتریشیان ئەشكەوتی شاندەر بووە، كە ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیادەرتاڵ و پاشماوەی ژیانی مرۆڤی لێ دۆزراوەتەوە و دەرەنجامی باشی هەبووە و لە هەموو جیهان دەنگی داوەتەوە، كاری هەڵكۆڵین قۆناغ بە قۆناغ بەپێی بەرنامە و پلانەكان لەم ئەشكەوتەدا بەردەوام دەبێت".
لە دوا قسەكانیدا: "بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، خوازیار بوو مۆزخانەیەكی شوێنەواریی كەلەپووری لە سنوورەكەیان دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو پارچە شوێنەوارە مێژوویی و كەلەپوورییانەی لە كاتی كنە و پشكنین دەدۆزرێنەوە، یان لای هاووڵاتییانن سەرجەمیان لە مۆزەخانەكە كۆبكرێنەوە، بەمەش هەم پارێزراوتر دەبن، هەمیش گەشتیاران و شوێنەوارناس و مێژوونووسان زیاتر ڕووی تێدەكەن، هەروەك دروستكردنی مۆزەخانەیەك لەبەردەم ئەشكەوتی شاندەر لە بەرنامە و پلاندایە."

