هونه‌رمه‌ندێكی ناودار و بەئەزموونی بواری دراما و شانۆ، كه چه‌ندین ڕۆڵی له زنجیره دراما و كورته‌فیلمەكان بینیوە، وه‌ك له (درامای گوڵاڵه، ژاڵه، ڕه‌شه‌ی پۆلیس، وه‌ستا جومعه، خۆرنه‌وازان و خه‌می چۆله‌كه‌كان و چه‌ندانی دیكه) و یەكێك لە رۆڵە گرنگەكانی له‌سه‌ر زاری بینه‌ران تا ئێستاش پێی ده‌ناسرێت، كاره‌كته‌ری (سیروان) بوو له زنجیره‌درامای ڕه‌شه‌ی پۆلیس، له‌سه‌ر كۆی كار و چالاكییه هونه‌رییه‌كان و وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر له بواری كورته‌فلیم و سینه‌ما، (باسكورد) دیدارێكی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سه‌ردار خه‌لیل)دا كرد. هونەرمەند وێستگه‌ی ژیانی هونه‌ری و هۆكاری ونبوونی له دراما بۆ ئێمه و خوێنه‌ران ئاشكرا ده‌كات.
(باسكورد): كام كاری هونه‌ری بووه ده‌ستپێكی كارەكانت؟
سه‌ردار خه‌لیل: دەستپێكی كاری هونەرییم له درامای (گوڵاڵه)دا بوو، كه له ساڵی (1987) له تیڤی (كه‌ركووک) په‌خش كرا. لۆكه‌یشنی دراماكه بێتواته‌ی سه‌ركه‌ش بوو، هەروەها له شانۆی (ئه‌نیتیوگۆنا)، ئه‌ویش له هه‌مان ساڵدا بوو، هونه‌رمه‌ند ڕه‌وانشاد جیهاد دڵپاك ده‌رهێنەری بوو.
(باسكورد): له‌وەتەی كاری دراما و شانۆ دەكەن، چه‌ند به‌رهه‌متان هەبووە؟
سه‌ردار خه‌لیل: وه‌ك نواندن لە حەوت درامادا بەشدار بووم، وه‌ك یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ریش به‌شداریی نۆ درامام كردووه.
(باسكورد): تا ئێستا ئاست و توانای خۆت له كام ڕۆڵدا بینیوه‌ته‌وه؟
سه‌ردار خه‌لیل: به‌پێی قۆناغه‌كانی كاركردنی هونه‌ریم، له هه‌موو ڕۆڵه‌كانم ڕازیم، به‌ڵام هێشتا خه‌ونی گه‌وره‌ترم هه‌یه.
(باسكورد): بۆچی هه‌ندێك له ئه‌كته‌ره ده‌ركه‌وتووه‌كانی نواندن لە درامای كوردی، له زۆربه‌ی ڕۆڵه‌كان یه‌ك نواندن ده‌كه‌ن به ڕواڵه‌ت؟
سه‌ردار خه‌لیل: ئه‌كته‌ر ده‌بێ به به‌رده‌وامی ڕاهێنان بكات، وه‌ك ڕاهێنانی جه‌سته و ده‌نگ، هه‌روه‌ها ئیش له‌سه‌ر سایكۆلۆژیای ئه‌و كاره‌كته‌رانه بكات، كه ڕۆڵی تیادا ده‌گێڕێ، ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێ دان، ئه‌گه‌ر كاری له‌سه‌ر نه‌كات نواندنێكی فلات ئه‌بێ و ناتوانێ كاره‌كته‌ره جیاوازه‌كان به‌رجه‌سته بكات.
(باسكورد): تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونەدای، كه ده‌ڵێن په‌یمانگە هونه‌رییه‌كان وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه ئه‌كته‌ری نواندن بگه‌یه‌ننه لوتكه، به‌ڵكوو هونه‌ری نواندن خۆڕسكه؟
سه‌ردار خه‌لیل: ڕاسته په‌یمانگا هونه‌رییه‌كان هاوكارن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر به شێوه‌ی ئه‌كادیمی و زانستی نواندن بكات، كه‌م نین ئه‌وانه‌ی له په‌یمانگاوه ده‌رچوون و ئه‌كته‌ری ناودارن و هه‌ندێ له ئه‌كته‌ره‌كان به خۆڕسكی ئه‌كته‌ری باشن، ئه‌مانیش جێگایان له فیلم و درامادا دیاره، من به باشی ده‌زانم، ئەگه‌ر بكرێ ئه‌وانه‌ی به‌هره‌ی نواندنیان تێدایه، هه‌وڵ بده‌ن له ڕێگه‌ی په‌یمانگاوه ئه‌و به‌هره‌یه به شێوه‌ی ئه‌كادیمی و زانستی پیشانمان بده‌ن.
(باسكورد): له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌كنیكی ئێستا پێشكه‌وتووه، كه‌چی هێشتا بینه‌ر تامه‌زرۆی دراماكانی ڕابردووه، بۆچی؟
سه‌ردار خه‌لیل: من له دوو هۆكارەوە ده‌یبینمه‌وه، یه‌كه‌م، چیرۆكی دراماكانی پێشوو نزیكتر بوون له ئازاری كۆمه‌ڵگا. دووه‌م، میدیای ئه‌وكات وه‌ك ئێستا به‌ربڵاو نه‌بوو، بۆیه بینه‌ر وابه‌سته‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه بوون.
(باسكورد): وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا سه‌رقاڵی كاری ده‌رهێنانی و ئه‌زموونێكی باشت له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه، چ قسه‌یه‌كت هه‌یه له‌سه‌ر ئەو چیرۆك و سیناریۆیانه‌ی ئێستا ده‌كرێنه دراما؟ هه‌ست ناكه‌یت كرچ و كاڵییان پێوه دیار بێت؟
سه‌ردار خه‌لیل: به‌دڵنیاییه‌وه ئاستی چیرۆك و گێڕانه‌وه‌كان له خواستی ئێمه و ته‌نانه‌ت بینه‌رانیشدا نییه، من ده‌ڵێم ئاستی ڕۆشنبیریی بینه‌ر و ڕوانبینینی بۆ چیرۆكی دراماكان له ئاستێكی باشدایه، بۆیه ده‌بێت چیرۆك بە به‌رپرسیارێتییە‌وه بنووسرێته‌وه.
(باسكورد): له‌و ڕۆڵانه‌ی به‌رجه‌سته‌ت كردوون، كامیان له كه‌سایه‌تیی خۆت نزیك بووه؟
سه‌ردار خه‌لیل: هیچ یه‌كێ له‌و ڕۆڵانه‌ی به‌رجه‌سته‌م كردوون، نزیك نه‌بوون له كه‌سایه‌تیی خۆم.
(باسكورد): ئێستا دەتوانین بڵێین سینەمای كوردی هەیە؟ سه‌ردار خه‌لیل: ئه‌م ڕه‌وشه‌ی ئێستای فیلمسازی كوردی، ته‌نیا فیلم دروست ده‌كه‌ین و نه‌بووین به خاوه‌نی سینه‌مایه‌كی كوردی، به‌داخه‌وه نه‌مانتوانیوه كاری فیلمسازی بكه‌ینه پیشەسازی.
(باسكورد): چی به‌سه‌ر ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌ندانەدا هات، كه ڕۆژانێك له درامای ڕه‌شه‌ی پۆلیس و وه‌ستا جومعه و خۆرنه‌وازان و خه‌می چۆله‌كه‌كان به‌شدار بوون، ئێستا له دراما نوێیه‌كان نابینرێن؟
سه‌ردار خه‌لیل: ئه‌وه‌ی ئاگادار بم، هه‌ندێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه چوونەته تاراوگه و هه‌ندێكی دیكەیشیان ناوبه‌ناو له دراماكان ده‌رده‌كه‌ونه‌وه.
(باسكورد): ئه‌و ڕۆڵه‌ی وه‌ك لاوێكی سه‌ركێش له كاره دراماكانی كۆچكردوو هونه‌رمه‌ند حوسێن میسری ده‌تبینی، تا چه‌ند ئه‌و ڕۆڵبینینه خواستی خۆت بوو؟
سه‌ردار خه‌لیل: هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو حوسێن میسری هه‌رگیز به خواستی ئه‌كته‌ر ڕۆڵی دابه‌ش نه‌دەكرد، هه‌ر بۆیه به ئێستاشه‌وه باس له ڕۆڵی دراماكانی ده‌كرێت.
(باسكورد): له‌دوای زنجیره‌درامای ڕه‌شه‌ی پۆلیس و یه‌ك دوو كاری دیكەی نواندن، ون بوویت و ڕۆڵت نەما، هۆكار چی بوو؟
سه‌ردار خه‌لیل: زۆر ڕاسته، من له ڕۆڵبینین له دیدی بینه‌ردا ونم، به‌ڵام له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنم له بواری هونه‌ری، خه‌ونی گه‌وره‌م هه‌بووه بۆ كاره‌كه‌م، مرۆڤ ده‌بێت نوێكاری و ئه‌زموونی نوێی هه‌بێت، له‌دوای چه‌ند كارێكی نواندن و شانۆ هه‌میشه ترسم له دوو شت هه‌بووه، یه‌كه‌م، چیرۆكی سه‌رنجڕاكێش، دووه‌م ده‌رهێنه‌رێكی داهێنه‌ر.
چیرۆكی سه‌رنجڕاكێش ڕێگای به‌رده‌م ئه‌كته‌ر واڵا ده‌كات تا توانای خۆی ده‌ربخات، ده‌رهێنه‌ر ئه‌توانێ به باشی ئه‌كته‌ر ئاماده بكات، ئه‌گه‌رچی ئێستا كاری ده‌رهێنان ئه‌كه‌م و له نواندن دوورم، وه‌لێ هێشتا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی وه‌ك ئه‌كته‌ر تیایاندا به‌شدار بووم، له دیدی بینه‌ر نه‌سڕاونه‌ته‌وه.