گۆمی چلدار لە لووتكەی چیای هەڵگورد... ئاوێكی سازگار و دیمەنی ناوازە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

گۆمی چلدار لە لووتكەی چیای هەڵگورد... ئاوێكی سازگار و دیمەنی ناوازە

گۆمی چلدار، دەكەوێتە قەدپاڵی بەشی رۆژهەڵاتی لووتكەی چیای هەڵگورد و بەدووریی زیاتر لە 12 كیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای چۆمان هەڵكەوتووە، دیمەنێكی نەوازە و ئاو و كانیاوی سازگاری هەیە، بەمەش بەشێك لە هاووڵاتییان و گرووپە شاخەوانییەكان چەند كیلۆمەترێك ڕێگا بە پیادە دەبڕن بۆ گەیشتن بە شوێنەكە.

 لەمبارەیەوە، خاڵس عەلی، چالاكوانی شاخەوانی و بەرپرسی گروپی شاخەوانیی هاودیان لە سنووری ئیدارەی سۆران، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "لە قەدپاڵی لووتكەی چیای هەڵگورد، كۆمەڵێك گۆمی جوان و سەرنجڕاكێشی بژوێن و سازگار هەڵكەوتوون، كە لە وەرزی هاویندا نزمیی پلەی گەرمییان بۆ خوار 25 پلەیە، ئەوەش وای كردووە كە سەرەڕای ئەوەی رێگای ئۆتۆمبێل بەم شوێنانە ناگات، بەڵام گەشتیاران و گرووپە شاخەوانییەكان چەندین كیلۆمەتر ڕێگا بە پیادە ببڕن بۆ گەیشتن بەم شوێنانانە و لە سروشتی جوان و ئاوی سازگای ئەو گۆمانە چێژ وەربگرن و كاتێكی خۆش لە شوێنەكە بەڕێ بكەن".

 ئەم چالاكوانەی شاخەوانی گوتیشی: "یەكێك لەم گۆمانەی كە لە ناوچەكەدا هەڵكەوتووە، بریتییە لە گۆمی "چلدار" كە دەكەوێتە قەدپاڵی بەشی رۆژهەڵاتی لووتەكەی چیای هەڵگوردەوە، كە زیاتر لە 12 كیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای چۆمانەوە دوورە، بەهۆی بوونی دیمەنێكی ناوازە و ئاوێكی سازگار، گرووپە شاخاوانییەكان و گەشتیاران رێگای زۆری پیادە دەبڕن بۆ گەیشتن بەم ناوچە سەرەنجڕاكێشە و ئاوێتەی جوانیی ناوچەكە دەبن".

 لووتكە چیای هەڵگورد بە یەكێك لە بەرزترین و سەرنجڕاكێشترین لووتكەچیای باشووری كوردستان و عێراق دادەنرێت، كە دەكەوێتە سنووری قەزای چۆمان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەرزییەكەی زیاتر لە سێ هەزار و 607 مەترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، هەروەها بەدووریی 81 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر". گەرمای چیای هەڵگورد لە وەرزی هاویندا 25 پلەیە، لە بناری ئەم لووتكەیەدا چەندان جۆرە گوڵی سروشتی دەڕوێت و كانیاوی سازگاری هەیە، هەروەها لە هەندێ‌ شوێنی لوتكەكە لە هەر چوار وەرزی ساڵ بەفری لێنابڕێت.