لە دڵی سروشتی کوردستانەوە، بە دیاریكراوی لە قەزای چۆمان سەر بە پارێزگای هەولێر، لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، گۆمێکی ئەفسوناوی بەناوی "گۆمی فێڵاو" هەیە کە لەنێو خەڵکدا بە "سویسرای کوردستان" بەناوبانگە، ئەمەش بەهۆی جوانییە پێوانەنەکراوەکەی کە هاوشێوەی جوانیی سویسرایە. لە هەموو لایەکەوە سروشتی سەوز لە باوەشی گرتووە و ئاوەکەی وەک ئاوێنەیەکی ڕوو بە ئاسماندا دیاره و ڕوونە، كه تیایدا زنجیرە چیای سەکران ڕەنگدانەوەیەکی سیحراویی هەیە، بینەر باوەڕی بەوە دەبێت کە شاخەکان لەنێو ئاودا نوقم بوون.
ئەم تابلۆ زیندووە لەسەرەتای مانگی نیسانەوە تا کۆتایی مانگی ئایار دیارە و دەبێتە شوێنی خۆشەویستانی سروشت و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هاوێنەی کامێرای ئەو گەشتیار و فۆتۆگرافەرانەی کە بۆ بینینی گۆمەکە سەردانی باوەشی جوانی نێوان ئاو و شاخەکاندا دەکەن، بۆ زیندووهێشتنەوەی ئەو ساتە جوانانە بە وێنە و دەنگ.
لە ساتەکانی بێدەنگیدا لەسەرەتای بەیانی و لە کاتی خۆرئاوابووندا، دەنگی بۆقەکان بەرز دەبێتەوە بۆ ژەنینی سەمفۆنیای سروشتی، گوێگر دەگوازێتەوە بۆ جیهانی خەون. سەردانکەرانی گۆمەکە دەڵێن، ئەم دەنگانە و ئەم جوانییە، جێگرەوەیەکەن بۆ دانیشتنەکانی یۆگا و مێدیتەیشن، بەوپێیەی ئارامیی بۆ دەروون و ڕۆح دابین دەکەن. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، فۆتۆگرافەر ناسح عەلی خەیات، دیمەنێکی سروشتیی ناوازەی لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆیدا بڵاوکردەوە و لەژێر وێنەکەدا نووسیبووی: "سویسرای کوردستان". دیمەنەکە ئەوەندە سەرسامی کردم کە بڕیارم دا پەیوەندیی پێوە بکەم و داوای لێ بکەم کە هاوکارمان بێت بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێکی پڕ واتا لەسەر ئەم بابەتە ئامادە بکەم، ئەویش بە میهرەبانییەوە ڕازی بوو.
ناسح عەلی خەیات، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: "لە قەزای چۆمان کانیی ئاوێک هەیە و هاوشێوەی ئەمجۆرە کانییانە لە کوردستاندا زۆرن، ئاژەڵدارانی ناوچەکە و دەوروبەری، كە بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵات روو لەو ناوچە كوێستانییانە دەكەن، لەو گۆمانە ئاژەڵەکانیان ئاودەدەن و ئاژەڵە کێوییەکانیش لەو گۆمانە ئاو دەخۆنەوە. هەرچەندە لە ناوچەکانی (چۆمان، سەکران و هەڵگورد) چەندین گۆمی لەو شێوەیە هەن، بەڵام گۆمی فێڵاو تاکە گۆمێکە کە بە جوانییەكە ئەفسووناوییەكەی سەرنجی هەموان بۆ لای خۆی راکێشاوە و جگە لە فۆتۆگرافەران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، زۆر گەشتیار لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەمەبەستی بینینی ساڵانە لە وەرزی بەهاردا روو لە قەزاکە دەکەن."
ناسح عەلی خەیات گوتیشی: "گۆمی فێڵاو ئێستا زیاتر بە سویسراکەی کوردستان ناسراوە و ئەم ناوەش لە هەڵبژاردەی خۆم بۆ ئەم گۆمه بوو، ساڵانێک پێش ئێستا لە کاتی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکان لە ماڵپەرە تایبەتەکانی خۆم بەهۆی جوانیی گۆمەکە ئەم ناوەم بۆی هەڵبژارد و لەنێو خەڵکدا ناوبانگێکی زۆری بەدەست هێنا، چونکە جوانییەکەی هاوشێوەی جوانیی سویسرایە و هەروەها هەڵکەوتەی جۆگرافیای گۆمەکە لە شوێنێکی بەرزدایە، بەپێچەوانەی گۆمەکانی دیکە، کە هاوئاستی زەویین، گۆمەکە لە رووبەڕووی چیای سەکران دایە و ئاوەکەی هەروەک ئاوێنەیەک توانیویە ڕەنگدانەوەی زەنجیرە چیای سەکران بەڕوونی نمایش بکات و لە کاتی بینینیدا هەست بە بینینی زەنجیرە چیایەکی تەڕ لەنێو ئاودا دەکەیت. دەوروبەری گۆمەکە بە سروشتی سەوز داپۆشراوە و لەبەر بوونی ئەو ئاوە جگە لە مەڕ و ماڵات و ئاژەڵە کێوییەکان، زۆربەی باڵندە ڕەنگاوڕەنگەکانیش، بەتایبەت بولبوله دەنگخۆشەکان بۆ خواردنی ئاو سەردانی ئەم گۆمە دەکەن و گەشتیاران چێژ لە بینین و بیستنی دەنگە خۆشەکانیان وەردەگرن. لە ساتەکانی بێدەنگیدا لەسەرەتای بەیانی و لە کاتی خۆرئاوابووندا، دەنگی بۆقەکان بەرز دەبێتەوە بۆ ژەنینی سەمفۆنیای سروشتی و گوێگر دەگوازێتەوە بۆ جیهانی خەون. سەردانکەرانی گۆمەکە دەڵێن، ئەم دەنگانە و ئەم جوانییە، جێگرەوەیەکەن بۆ دانیشتنەکانی یۆگا و مێدیتەیشن. بەوپێیەی ئارامیی بۆ دەروون و ڕۆحیان دابین دەکات، بۆیە کۆمەڵێک لە فۆتۆگرافەران و گەشتیارانیش زیاتر بەمەبەستی مانەوە سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، هەتاکوو لە کاتەکانی بەر لە بەیان و خۆرئاوابووندا چێژ لەم چرکە زێڕینانە وەربگرن."
ناسح عەلی خەیات، ئاماژەی بەوەش کرد: "بەهاری چۆمان، سەکران و هەڵگورد درەنگتر تەواو دەبێت و هەتا مانگی 7 بەردەوام دەبێت، لەبەرئەوەی ناوچەی شاخاوین و لە زستاناندا بەفرێکی زۆر شاخەکانیان دادەپۆشێت، بەڵام هاتوچۆکانی سویسراکەی کوردستان بە ڕێژەیەکی فراوان لە وەرزی بەهاردایە، واتا لەسەرەتای مانگی 4 هەتا کۆتایی مانگی 5، بەڵام دواتر ڕێژەی ئاوەکە کەم دەبێتەوە و لەزستاناندا بەهۆی کەشوهەوای قەزاکە، ئاوەکە دەبێتە پارچەیەک سەهۆڵ و دیمەنی ڕەنگدانەوەی چیاکان لەنێو ئاوەکەدا نامێنێت، بۆیە لەم ماوەیەدا کۆمەڵێکی فراوان لە فۆتۆگرافەران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و گەشتیاران سەردانی ئەم شوێنە دەکەن و بەشێکیش شەوان لەوێدا دەمێننەوە بۆ چێژوەرگرتن لەم دیمەنە جوانە و هەروەها بۆ وێنەگرتن لە گۆشە جیاوازەکاندا."
ناسح عەلی خەیات لەکۆتاییدا گوتیشی: "لە بەهارێکی ساڵی 2015دا گەشتێکم بۆ رەوەندەکانی چیای هەڵگورد و قەندیل کرد، بەجارێک ڕێگەم بەم گۆمەدا کەوت، لەو بەهارەوە هەتا ئەمساڵ بەشێوازی ساڵانە بەمەبەستی گەشت و وێنەگرتن روو لە سویسراکەی کوردستان دەکەم و هەتا ئێستا زیاتر له 1000 فۆتۆ و ڤیدیۆی سەرەوەی یەک کاتژمێریم تۆمار کردووە و بە وێنەکانی جگە لە پێشانگاکانی ناوخۆ، لەدەرەوەی وڵاتیش لە وڵاتانی (ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) بەشدارییم کردووە و ئێستا لە زۆربەی رێستورانت ، کافتریا، هۆتێل و نەخۆشخانەکانی ناوخۆیی و بیانی، کە کورد سەرپەرەشتییان دەکەن، فۆتۆكانی سویسراکەی کوردستان هەڵواسراون و خۆشحاڵم کە توانیم لە ڕێگەی فۆتۆ و کورتە ڤیدیۆکانمدا ئەم گۆمە جگە لە خەڵکی ناوخۆیی، بە خەڵکی دەرەوەی وڵاتیش بناسێنم و سەرنجی گەشتیاران بۆ لای گۆمی فێڵاو رابکێشم."