کوردستانی سوور... پارچەی پێنجەمی کوردستانی مەزن

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

کوردستانی سوور... پارچەی پێنجەمی کوردستانی مەزن

کوردستانی سوور، كە ئەوپەڕی باکووری خۆرهەڵاتی کوردستانی مەزنە، بەو خاکە دەگوترێت کە دەکەوێتە نێوان کۆماری ئەرمەنستان و هەرێمی قەرەباغ، واتە دەکەوتە نێوان ناوچە ئەرمەنی و ئازەرییەکان.

ڕووبەری ناوچەکە (٧٥٠٠کم)ە، چەند مەڵبەندێکی ئاوەدانی دەگرێتەوە، وەک (لاچین، کەڵبەجاڕ، قوبادلی، جاجیک، زەنگیلان، پیتچەناس، کەراکیش، دیلیجان، ئاگابادیر، دەیجولان و ...هتد)، چڕیی دانیشتوانی کورد لە ناوچەکەدا و هەوڵی یەکێتیی سۆڤییەت لەسەرەتای دامەزراندنیدا بۆ ئەوەی خۆی لە نەتەوە ژێردەستەکانی گێتی نزیک بکاتەوە، وایکرد کە بڕیاری دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوبەریی بۆ کوردەکان بدات، لەسەرەتادا و لە ساڵی (١٩٢١ز.) ئەو هەرێمە بە کوردستان ناسێندرا، بەڵام بەدیاریکراوی لە ڕۆژی (٧/٧/١٩٢٣ز)دا لەلایەن نەریمان نەریمانۆڤی، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، کە یەکێک بوو لە پێکهێنەرەکانی یەکێتیی سۆڤییەت، بڕیاری (ئۆتۆنۆمی) بۆ ئەو ناوچە کوردییانە لەسەر ڕەزامەندیی (لینین) واژوو کرد. بەوجۆرە کۆماری (کوردستانی سوور) دامەزرا و بوو بە یەکێک لە کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤییەت و لەڕووی مێژووییشەوە بە یەکەم کۆماری کوردی هەژمار دەکرێت.

دوای ناساندنی کۆمارەکە تەواوی ناوچەکان دابەش كران بۆ (٤) یەکەی کارگێڕی، کە بریتیبوون لە (کەلبەجار، لاچین، قوبادلی، زەنگلیان) و ئەوانیش درێژدەبوونەوە بۆ (٦) بازنەی دیکە، لەناویشیاندا (لاچین) کرا بە پایتەخت، بەڵام بەهۆی نەبوونی دامودەزگای گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە، کاربەدەستانی وڵاتەکە لە شاری (شووشێ) کاروبارەکانیان بەڕێوە دەبرد، (حەسەن حاجاییف) کرا بە سەرۆکی کۆمار، زمانی فەرمییش زمانی کوردی بوو بە شێوەزاری کرمانجی ژووروو، ئاڵای کوردستانیش لە سنووری کۆمارەکەدا هەڵکرا، کە لە (٣) ڕەنگ پێکهاتبوو، ئەویش سێ خشتەی یەک لەدوای یەکی (سوور و سەوز و زەرد) بوو، کە ئەستێرەیەکی سوور لەناوەڕاستیدا بوو.

 بەپێی سەرژمێریی یەکێتیی سۆڤییەت، کە لە ساڵی (١٩٢٦ز) ئەنجامدرا، لە کۆمارەکەدا (٥١٤٢٦) کەس ژیاون، لەناویاندا (٣٧١٨٢) کەسیان کورد بوون، واتە ڕێژەی (٧٢.٣٪)یان پێکدەهێنا، ئەوانی دیکە ئازەری و بەشێکیشیان ئەرمەنی بوون، لەڕووی ئایینیشەوە زۆر لە کوردەکانی ئەم کۆمارە موسڵمانی شیعە و ئێزدی بوون، ئەمە بەدەر لە کەمینەی مەسیحی. لەناو ئەم کۆمارەدا زمانی کوردی بوژانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لە شار و گوندەکاندا قوتابخانە کرانەوە و تێیاندا زمانی کوردی هاوشان بە زمانی ڕووسی دەخوێنرا، هەروەها ڕۆژنامە و پەرتووک بڵاو کرانەوە و پەیمانگای تایبەت بۆ فێرکردنی منداڵان بە زمانی کوردی کرانەوە، ئەمە بەدەر لە کردنەوە ئێزگەی ڕادیۆ.

 ئابووریی ئەم کۆمارە گەشانەوەیەکی بەرچاوی هەبووە، هەڵکەوتەی جوگرافیی کۆمارەکە هاوکار بوو بۆ ئەو گەشەکردنەش، چونکە بەشێکی زۆری دەوروبەرەکەی بە زنجیرەچیا تەوق درابوو، بەڵام لەناوەوەدا زۆربەی دەشتی بەپیت بوو، هەروەها بوونی ڕووبار و دەریاچەکان ناوچەکەی ئاودارتر کردبوو، وەک ڕووباری (ئاغنوو) و دەریاچەی (سێڤان)، ئەمەش وایکردبوو بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری زۆر سوودی لێ ببینرێت، بەتایبەت لە (گەنم و برنج و شیرەمەنی)دا، هەروەها بوونی کانزا لە ناوچەکەدا هاوکار بوو بۆ گەشەی زیات،ر کە داهاتەکەی دەچووەوە بانکی ناوەندی و لەوێوە دواتر دابەش دەکرایەوە و پشکی کۆمارەکەش دەچووە (بانکی لاچین).

 جێگەی ئاماژەیە کە لەڕووی دراویشەوە ڕۆبڵی ڕووسی بەکار دەهێنرا. كەچی بەداخەوە، هەرچەندە ئەم کۆمارە ماوەیەکی گەش بوو لە مێژووی کورددا، بەڵام دوای شەش ساڵ و لە ساڵی (١٩٢٩ز) دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی یەکێتیی سۆڤییەت چەندینجار هۆشداری لەسەر ئەوە دابوو، کە خەریکە بەهۆی بوونی ئەو کۆمارەوە ناسیۆنالیستی کورد گەشە دەکات و ئەمە زیان بە پەیوەندییەکانیان دەگەیەنێت لەگەڵ تورکیا و ئێران و بەتایبەت تورکیا، سەرەڕای دژایەتیکردنی ئازەرییەکان بۆی، ئەمە وایکرد کە لە (٨/٤/١٩٢٩ز) بە بیانووی ڕێکخستنەوەی سیستەمی کارگێڕی، کۆمارەکەیان هەڵوەشاندەوە و کردییان بە هەرێمی کوردستان و خستیانە سەر سیستەمی کارگێڕیی ئازەربایجان، ئەو هەرێمەش هەتا (٨/٨/١٩٣٠ز) مایەوە و لەچاو سنووری کۆمارەکەدا گەورەتر بوو، بەڵام دەیانویست لەناو ئازەرییەکاندا بیانتوێننەوە، دوای ئەوە هەرێمەکەشیان هەڵوەشاندەوە و بەتەواوی تێکەڵی ناوچە ئازەرییەکانیان کردن.

 سیاسەتی ستالین بۆ دڵڕاگرتنی ئازەری و تورکەکان تەنها بە لەناوبردنی کۆمارەکە خۆی نەبینییەوە؛ بەڵکوو دەستیان کرد بە قەڵاچۆکردنی کوردان، بەوجۆرە سەرەڕای داخستنی قوتابخانە و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانیان، دەستیان کرد بە پڕۆسەی ڕاگواستنیان بەرەو کازاخستان و ناوەڕاستی ئاسیا، بەوهۆیەوە سەدان کورد گیانیان لەدەست دا؛ ئەمە جگە لە دوورخستنەوەیان لە نیشتمانی خۆیان، بەتایبەت لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٣٧-١٩٤٤ز)، ئەم داپڵۆسینە بەردەوام بوو هەتا ساڵی (١٩٩١-١٩٩٢ز.) لە جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی (ناگۆرنۆ قەرەباغ)، ئەمە دەرفەتی بۆ کوردەکان هێنایەپێش و پێکەوە جارێکی دیکە بە سەرکردایەتیی (وەکیل موستەفایێڤ) کۆمارەکەیان بەناو (کۆماری کوردیی لاچینزیندوو کردەوە)، ئەمەش بووە هۆکاری دووبارە کۆکردنەوەی کوردەکان، بەڵام بە داگیرکردنی لاچین لەلایەن ئەرمەنەکانەوە، ئیدی ئەو خەونەش لەبار برا و کۆتایی بە دوا هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو کۆمارە کوردییە هێنرا.