گوژمەیەك بۆ نۆژەنكردنەوەی قشڵەی مێژوویی كۆیە تەرخان دەكرێت

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

گوژمەیەك بۆ نۆژەنكردنەوەی قشڵەی مێژوویی كۆیە تەرخان دەكرێت

 بەپێی هەواڵێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەگوێرەی فەرمانێكی وەزاری، ڕەزامەندیی دراوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 14 ملیۆن دینار، بۆ كاری نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە دیوارە ڕووخاوەكان و بەردڕێژكردنی حەوشەی قشڵەی كۆیە.

 ئەوەش خراوەتە ڕوو: "گوژمەكە لەسەر ڕێژەی 1%ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەپێی خشتەی پلانی ساڵی 2025، بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە دیوارە ڕووخاوەكان و بەردڕێژكردنی حەوشەی قشڵەی كۆیە، بەپێی یاسا و ڕێنماییە داراییەكان خەرج دەكرێت، كە قشڵەی كۆیە، یەكێكە لە شوێنەوارە دێرینەكانی شارەكە و بایەخێكی زۆری مێژوویی و شوێنەواریی هەیە‌ و وەك یەكێك لە سمبولەكانی شوێنەواریی لە هەرێمی كوردستانیش ناسراوە".

لە هەواڵەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زیاتری شوێنەوارەكان، بایەخێكی زۆر بە پڕۆژەكانی شوێنەواری دەدات‌ لە بواری كاری كنە و پشكنین و گرێبەست لەگەڵ زانكۆ بیانی و ناوخۆییەكان و دۆزینەوە و نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.

 هەروەها لە ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر، زانیاریی لەبارەی قشڵەی كۆیە خراوەتە ڕوو ع تیادا هاتووە: "قەڵای كۆیە، كە ‌بە 'قشڵەی كۆیە'‌‌ و 'سەرا' ناسراوە، یەكێكە لە شوێنەوارە‌ مێژووییەكانی شاری كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، كە لە سەردەمی ئاشوورییەوە تا سەردەمی عوسمانییەكان بەمەبەستی سەربازی بەكار هێنراوە، لەگەڵ گەیشتنت بە شارۆچكەكە، قشڵەی كۆیە دێتە بەرچاو و دەكەوێتە سەر بەرزاییەك".

 بە بۆچوونی مێژوونووسان، ئەم قەڵایە دەگەڕێتەوە بۆ‌ سەردەمی ئاشوورییەكان، لەسەردەمی میر محەمەد پاشای ڕواندز دروست كراوە، لە هەر سەردەمێكدا هەر هێز و دەسەڵاتێك دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرتبێت، ئەو قەڵایە دەبووە ناوەندی دەسەڵات و بنكەی سەربازیی ئەو هێزە، لەگەڵ داگیركردنی كوردستان لەلایەن عوسمانییەكانەوە، قەڵای كۆیە كراوە بە بنكەیەكی سەربازی و لەوكاتەوە ناسناوی (قشڵە)ی وەرگرتووە، واتە قشڵە وشەیەكی توركییە و بە واتای بنكەی سەربازیی دێت".

 هەڵكەوتەی شوێنی قەڵای كۆیە بەرزە، ڕووبەری قەڵاكە حەوت هەزار مەترە و لە چوار بەشی باكوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێكهاتووە، بە قسڵ و بەرد دروست كراوە، ۲۳ ژووری هەیە، لەناوەڕاستیدا گۆڕەپانێكی گەورە هەیە كە لەسەردەمانی پێشوو بۆ مەشقی سەربازی بەكار دەهێنرا، پانیی دیوارەكانی قەڵای كۆیە ١٢٠ سانتیمەترە.

قەڵای كۆیە‌‌ ٧٥٠ تاقی هەیە، كە پێی دەڵێن كونە مەتەرێز، لە ناوەڕاستی بەشی رۆژهەڵاتی قەڵاكە دوو پلیكانە هەن كە لە رێگەیانەوە سەردەكەوی بۆ نهۆمی دووەم، لەو نهۆمە پێنج ژوور و سێ هەیوان هەن، هەروەها هۆڵێكی گەورەی تێدایە، كە درێژییەكەی ٩٠ مەترە و پانییەكەی شەش مەترە و لە سەردەمی عوسمانییەكان بۆ نووستن بەكار هێنراوە.