محەممەد ئەمین زەکی بەگ، یەکەم نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عێراقدا

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

محەممەد ئەمین زەکی بەگ، یەکەم نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عێراقدا

 مێژوونووس و سیاسەتوانی کورد، محەممەد ئەمین زەکی بەگ، کوڕی حاجی عەبدولڕەحمان کوڕی مەحمود باپیرە، لە ساڵی 1880 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە. ئەم نووسەرە بە تورکی و عەرەبی و کوردی سەبارەت بە مێژووی جەنگ و لەشکر و مێژووی ڕامیاری و کوردستان خاوەنی چەندین بەرھەمە، هەروەها ئارەزووی لە ھۆنراوە، وێژە، خۆشنووسین و نیگارکێشان بووە، زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و فەرەنسی زانیوە و لەبەر زیرەکی و لێوەشاوەیی بە «زەکی» ناوبانگی دەرکردووە.

 

 محەممەد ئەمین زەکی بەگ، لە ساڵی 1892 چووەتە فێرگەی موڵکیی سەرەتایی سلێمانی، پاشان ماوەیەکیش لە فێرگەی مەلا عەزیز خوێندوویەتی، لە ساڵی 1893دا چووەتە فێرگەی ڕوشدییەی سەربازیی سلێمانی و دوای دوو ساڵ خوێندن چوونەتە ڕوشدییەی سەربازیی بەغدا، ساڵی 1898 چووەتە کۆلێژی سەربازی، ھەروەھا بەشی ئەرکانی ئەستەمبۆل کە لە ساڵی 1902 بە پلەی «رەئیس چاک» دەرچووە و لە لەشکری عوسمانیی شەشەمی بەغدا دامەزراوە، لەدوای ساڵێک بۆ "بەڕێوەبەرایەتیی ئەرز و ئەملاکی سەنییە" گوێزراوەتەوە و وەک ئەندازیارێک لەوێ دامەزراوە و تا جاڕدانی دەستووری عوسمانی لەو شوێنە ماوەتەوە، لەپاشان بۆ لەشکری دووەم لە ئۆردون گوێزراوەتەوە، دوای ئەوە لە ئەستەمبوڵ وەک ئەندامی "کۆمەڵەی نەخشەدانان" لەگەڵ تاقمێک لە ئەندازیارانی دیکە خەریکی ئامادەکردنی نەخشەی شاری ئەستەمبوڵ و دەوروبەر بووە.

 زەکی هەر لەو ماوەیەدا بە لێژنەی دیاریکردنی سنووری دەوڵەتی عوسمانی و بۆلگاریا هەڵبژێردراوە، جگە لەمە لە ناوچەی قەفقازیشدا بەشداریی لە دیاریکردنی سنووری عوسمانی و ڕووسیا کردووە.

 لە ساڵی 1903 تا تەممووزی 1924 لە لەشکری عوسمانیدا چەند جۆر پلەی بڕیوە، لەگەڵ گەڕانەوەشی بۆ عێراق لە 1925/2/2 تاکو 1925/7/15 فەرمانی دووەم پشکنەر، فەرماندەی فێرگەی سەربازی عێراقی بووە.

 ئەم کەسایەتییە دیارەی کورد، ساڵانی 1925-1928-1937 نوێنەری ھەڵبژێردراوی شالیارێتیی عەبدولموحسین ئەلسەعدوون بووە و بووە بە شالیاری (کارداری و ھاموشۆ)، تا 1941 بۆ 10 جار لە شالیاریتییەکانی زانستی، بەرگری، ئابووری و ھامۆشۆدا بووە، لە 1942/2/10 لە بەر نەخۆشی بە یەکجاری دەستی لە کاروباری میری ھەڵگرتووە.

 محەممەد ئەمین زەکی بەگ لە سەردەمی پاشایەتیی عێراقدا پەرلەمانتار بووە و وەک نوێنەری سلێمانی ھەڵبژێردراوە، لە دوو راپۆرتیدا بۆ پادشای ئەو کاتەی عێراق و کاربەدەستانی ئینگلیز، بە روونی باسی لە کێشەی پارێزگا کورییەکانی عێراق کردووە و لە رێگای رەخنەکانییەوە کاربەدەستانی بەئاگا ھێناوەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی لە ساڵی 1926 بە کورد درابوو.

 محەممەد ئەمین، لە شەوی 1948/7/9 لە شاری سلێمانی لەناکاو گورچیلەکەی لە کارکەوتووە و گیانی سپاردووە.